لێره‌دایت : په‌ڕه‌ی سه‌ره‌تا » فێرکاری وردپرێس » دەربارەی سکریپتی وۆرپرێس و توانای دەرچووەکانی
دەربارەی سکریپتی وۆرپرێس و توانای دەرچووەکانی
نووسه‌ری بابه‌ت: هۆشمه‌ند صاڵح   
سێ شەممە ، 20 / 09 / 2016 00:43
 

سکریپتی وۆردپرێس (Wordpress) ئاسانترین و بەتواناترین سکریپتی سەرچاوە کراوەیە و بە زمانی (PHP) و پاڵپشتی داتابەیسی (MySQL) داڕێژراوە ، ئەم سکریپتە لە پێناو دەست گرتن بەسەر ناوەڕۆکە نووسراوەکاندا بەشێوەیەکی ڕێکخراو لە ژێر مەرج و ڕاسپاردەکانی دامەزراوەی (Free Software Foundation) بڵاو دەکرێتەوە کە بەشێکە لە (GNU) ، وە لەهەر چوار ماڵپەڕێك کەلە تۆری پێکەوەبەستی جیهانیدا (www)دا بوونی هەیە یەکێکیان بە وۆردپرێس دروست کراوە .

تەکنیکی بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆکە نووسراوەکان کە بە (Content Management System) دەناسرێتەوە لە ستانداردە جیهانیەکەدا بۆ مامەڵەکردنە لەگەڵ بابەتی نووسراودا کە تێکەڵەیەکە لە تێکست و فایلی میدیایی جۆراوجۆر ، وۆردپرێس لە پێناو دەستگرتن بەسەر ناوەڕۆکە نووسراوەکاندا وە لەژێر ئەم ناونیشانەداو لە ساڵی (2003) یەکەم دەچووی لێ بڵاوکراوەتەوە و لە ئێستاشدا بەرزترین ڕێژەی بەکارهێنانی هەیە لە ئاستی جیهاندا بە بەراورد بە هەر سکریپتێکی هاوشێوەی خۆی و وە بەجۆرێكە لە ڕوی توانای سکوێرتی و ئاسانی لەبەکارهێناندا بووەتە جێگای متمانەی چەندین دامەزراوەی ناودار و گەورەی جیهانیبە هەردوو جۆرەکەی حکومی و بازرگانی و وە بۆ بنیاتنانی ماڵپەڕەکانیان پشتیان بەم سکریپتە بەستووە .

سکریپتی وۆردپرێس لە بنەڕەتتدا گونجاوە بۆ ماڵپەڕی بچوک و مام ناوەند و بلۆگ بەڵام بەهۆی بوونی بە تایبەتمەندکردنەوە دەکرێت نایابترین ماڵپەڕی لێ بنیات بنرێت ، هۆکاری سەرەکی بە تایبەتکردنیش بەکارهێنانی ئەو ژمارە زۆرەیە لە زیادکراوەکان (Plugins وWidgets ) کە کە بە ویستی بەکارهێنەر زیاد دەکرێت و ئاڕاستەی کاری ماڵپەڕەکەی پێ دەکرێتە ئامانج بێگومان ئەم کارە بەبوونی (Themes) ێکە کە واتای ڕوکارێك دەبەخشێت ئەو پێکهاتانەی تێدا نیشان دەدرێت .

 

مێژووی داڕشتن و بڵاوکردنەوەی دەرچووەکانی وۆردپرێس :


بنچینەی کۆدەکانی سکریپتی ۆوردپرێس لە (b2/Cafelog) وەرگیراوە کەپرۆژەیەکە لە لایەن پرۆگرامەرێکی فەرەنسی بەناوی (Michel Valdrighi) بنیاتی ناوە لە ساڵی (2001) دا بەڵام لە ساڵی (2002)دا پرۆژەکەی وەستاندو چیتر کاری تێدا نەکردەوە ، بەڵام ساڵێک دواتر و لە ساڵی (2003) دا (Matt Mullenweg) لەگەڵ هاوکارەکەی کە گەشەپێدەرێکی وێبە بەناوی (Mike Little) کە ئێستا کۆمپانیایەکی پرۆگرامین بەڕێوە دەبات بەناوی (Zed1) هەستان بە بنیات نانەوەی پرۆژەیەک بۆ دەستبەسەراگرتنی ناوەڕۆکە نووسراوەکان بە تەکنیکی (b2) کەهەمان تەکنیک بوو کە پرۆگرامەرە فەرەنسیەکە سەرەتا بنیاتی نابوو .

ئەم دوو گەنجە یەکەم دەرچوویان لەم سکریپتە بەژمارە (0.7)  لە ڕێکەوتی (27/5/2003) دا بڵاوکردوە کە هیچ نازناوێکیان بۆ دانەنابوو وە هەمان تەکنیکی کاری (b2/cafelog) بوو .

وۆردپرێس بەپی ی دەرچووەکانی ناوێکی جیاوازی هەیە ئەو ناوانەش بەزۆری میوزیک ژەنی جازن و تا ئێستاش ئەو کەسایەتیانەی هەڵبژێرراون هەموویان ئەمریکی بوون و لە ژیاندا نەماون و ئەم ناوەش دەبێتە پێناسەیەک بۆ ئەو ڤێرژنە ، بەڵام بە گشتی لەهەموو نوێکاریەکاندا ئەو نازناوە بەکارناهێنێت بەڵکو لە هەندێكیاندا کە گۆڕانکاریەکی گەورەی هێناوەتە کایەوەو بەجێگیر لەقەڵەم دەدرێت ، ژمارەی نوێکردنەوەکانیشی زۆرە بەڵام من لێرەدا تەنها ئاماژە بەچەند دەرچوێک دەدەم و گۆڕانکاریەکانی دەرچووە لاوەکیەکانیشی تێدا کۆدەکەمەوە لە هەموو دەرچوەکانیشدا ڕوکاری سەرەکی گۆرانکاری بەسەردا هێنراوە و ناوێکی نوێ ی وەک ژمارە لێ نراوە دەرچوەکانیش لە ژمارە یەکەوە بەم جۆرەیە :

دەرچووی یەکەمی جێگیر (1.0) : لە ڕێکەوتی (3/1/2004) یەکەم دەرچوو بە ناوی (Miles Davis) وە خرایە بەردەست بەکارهێنەران ئەم ناوەش کە لە دەرچووەکە نرا میوزیک ژەنێکی جاز بووە ، سکریپتەکە بە چەند تایبەتمەندیەکی سەرەتایی کەوتە بەردەست بەکارهێنەران وەك :

- (Search) گەڕانی بۆ بابەتی تێدا جێگیرکرا .

- (Categories) دروستکردنی هاوپۆلەکانی تێدا زیادکرا .

- (Installation and Upgrade) دامەزراندن و نوێکردنەوەی تێدا پێشخرا .

- (Comment) نووسینی کۆمێنتی تێدا چالاک کرا .

دەرچووی دووەمی جێگیر (1.2) : وۆردپرێس لە( 22/5/2005) دا دووەم دەرچووی بە ناوی میوزیک ژەنی ئەمریکی (Charles Mingus) کە لەساڵی (1979) کۆچی دوایی کردوە بڵاوکردەوە ئەم دەرچووە گرنگیەکی تایبەتی خۆی هەبوو چونکە وردە وردە بەکارهێنەران ڕویان لە بەکارهێنانی ئەم سکریپتە کردبوو هەربۆیە دەبوایە لەگەڵ داواکاریەکانی بەکارهێنەراندا بچێتە پێش و بە ڕەچاوکردنی ئەو داواکاریانەش ۆوردپرێس چەند تایبەتمەندیەکی زۆرگرنگی زیادکردبوو وەک :

- دروستکردن و بەکارهێنانی (Plugins) زیادکراوەکان کە لەگەڵ سکریپتەکەدا جێگیرکرابوون .

- تایبەتمەندی زیادکردنی خانەی تیانووسین (Fields) وەک سەربابەت یان نازناوی شوێنەکان .

- زیادکردنی دەسەڵاتی زیادکردنی بەشە هاوپۆلەکان (Sub Categories) پەیوەستکردنیان بە هاوپۆلە بنەڕەتەکەوە .

- تەکنیکی وێنەی بچووکراوە هێشتنەوەی قەبارە بنەڕەتیەکەی (Thumbnail) لە پێناو خێراکردنەوەی پەڕە و جوانکاریدا .

- دەرکردن و هێنانی فایلی (OPML) کە پاشگرەکەی (XML) ە و کورتکراوەی (Outline Processor Markup Language) ە .

- تەکنیکی ئینکریپتکردنی ووشەی تێپەڕبوون (Encrypte) لەڕوی سکوێرتیەوە زیاتر پارێزراوتر بوو .

- پاڵپشتی کردنی تەکنیکی یونیکۆد بۆ زمانە ناوچەییەکان (Unicode) کە سکریپتەکەی کرد بە جیهانی .

- زیادکردنی پێکهاتەی کۆمێنت نووسین و کۆنترۆڵکردنی (Comment management tools) .

- زیادکردنی تەکنیکی پێشبینین بۆ پۆستەکان (Post preview) .

- چالاککردنی تەکنیکی سەردێڕە هەواڵ (RSS) بۆ بڵاوکردنەوەی بە ئینتەرنێتتدا .

- چەندین تایبەتمەندی و نوێکاری تر

دەرچووی سییەمی جێگیر (1.5) : وۆردپرێس لە (17/2/2005) دەرچووێکی نوێ ی بە ناوی میوزیک ژەنی ئەمریکی (Billy Strayhorn) بڵاوکردەوە ، ئەم دەرچووە خۆی لە ڕاستیدا دەبوایە ژمارەی (1.3) وەربگرتایە بەڵام ئەوەبوو ڕاستەوخۆ بەم جۆرە گۆڕاو ئێستاش هەر بەو ژمارەیە دەناسرێتەوە بێ ئەوەی هیچ ڕونکردنەوەیەک درابێت لە بارەیەوە ، لەم دەرچوەشدا چوار گۆڕانکاری زۆرگرنگ بە ئەنجام گەیەنران کە بریتی بوون لە :

- تەکنیکی فرە ڕوکار (Themes) تێدا بەردەست خرابوو جگە لە ڕوکارە بنەڕەتیەکەی خۆی  .

- زیادکردنی توانای دروستکردنی پەڕە نەبزۆک (Static) بۆ بنیات نانی پەڕەیەکی تایبەتی جێگیر .

- ڕوکاری چوونە ژورەوەی ئەدمین باشتر کرابوو لەڕوی دیزاینەوە .

- کۆنترۆڵی سەرەکی ناوەکەی بوو بە (Dashboard) و چەندین تایبەتمەندی بۆ زیاد کرا .

 

دەرچووی چوارەمی جێگیر (2.0) : وۆردپرێس لە کۆتایی ساڵداو لە ڕێکەوتی (26/12/2005) دا خرایە بەردەست ئەم دەرچووە نوێ یەش بەناوی میوزیکژەنێکی تری ئەمریکی (Duke Ellington) بڵاوکرایەوە بەشێوەیەک ئەم دەرچووە پێشکەوتوو بوو کە بە هیچ جۆرێك بەراورد ناکرێت بە دەرچووەکانی پێشوو ، لەم دەرچوەدا زۆرترین تایبەتمەندی خرایە بەردەست لە تایبەترمەندیە هەرە نایابەکانیشی بریتی بوو لە :

زیادکردنی ئیدیتەری (TinyMCE ) کە کۆنترۆڵێکی سەرەکیە لە نووسین و دەستکاریکردنی بابەتتدا .

- توانای بەرزکردنەوەی فایل و وێنە بەشێوەیەکی دەینامیکی .

- توانای باگ ئەپکردنی دەیتابەیس بە سکریپتەکە درا .

- زیادکردنی پڵەگینێک بۆ ڕێگرتن لە سپام .

- دەستبەرکردنی بیرەوەری کاتی (Cache) بۆ سکریپتەکە .

- توانای گۆڕینی شوینەکان لە ڕوکاری پیشاندان .

- زیادکردنی تایبەتمەندێتی دەسەڵاتەکانی بەکارهێنەر .

- پێشبینی ڕوکار بە هۆی وێنەیەکی پی ئێن جیەوە .

- بەڕێوەبەرایەتیەکە بەهێزکرابوو بە تەکنیکی (Ajax) .

- تایبەتمەندی پێشبینین بۆ بابەتەکان پێش ئەوەی پۆست بکرێت .

- زیادکردنی زانیاریەکانی میتا بۆ بەکارهێنەرە

- زیادکردنی ئامرازێک بۆ گەشەپێدەرانی وێب .

- چەند نوێکاری و تایەبەتمەندیەکی تریش .

 

دەرچووی هەشتەمی جێگیر (2.5) : وۆردپرێس لە ڕێکەوتی (29/3/2008) دا دەرچوێکی نوێ ی بەناوی میوزیکژەنی ئەمریکی (Michael Brecker) بڵاوکردەوە ، لە ڕاستیدا پێش ئەم دەرچووە لە ساڵی (2007)دا سێ ڤێرژنی جیاوازی بە ناوەکانی (v.2.1 Ella ، v.2.2 Getz ، v.2.3 Dexter) بڵاوکردەوە کە تایبەتمەندیەکانیان لەم دەرچوەشدا کۆکراوەتەوە ، ڕوکاری بەڕێوەبەرایەتی سکریپتەکە لەم ڤێرژنەدا بە تەواوی دیزاینکرایەوە لە لایەن کەسێکەوە بە ناوی (Happy Cog) وە لەم ڕوکارە نوێیەی سکریپتەکەدا جێبەجێکردنی کردارەکان ئاسان و خێراکرابوون تەنها بەکلیکێک ئامانجێکی گەورە دەهاتەدی بۆنمونە نوێکردنەوەی سکریپت یاخود چالاک کردنی پڵەگینێك تەنها بە کلیکێک بوو وەک خۆشی (Matt) ئاماژەی پێدابوو کە زۆربەی داواکاریەکانی بەکارهێنەر بۆ گۆڕانکاری کردن لە سکریپتەکەدا خۆی لە (بەڕێوەبەرایەتیە گشتیەکە کەمەبەست لێ ی - - Dashboard ) دەبینیەوە هەربۆیە ئەم کارە گرنگانەیان ئەنجام دا تێیدا :

- (Dashboard) گۆڕانکاریتەکی گەورەی بەخۆیەوە بینی لە ڕوی دیزاین و خێرایی و ئاسانی لە بەکارهێنانیدا ، سەرباری بەکارهێنانی ڕەنگی جیاواز لە دیزاینەکەیدا .

- (Navigation) لە بەشی سەرەوەی داشبۆردا زیادکرا کە هاوکارێکی باشی بەکار‌هێنەر بوو تا بەخێرایی دەستی بە دوو کرداری گرنگ ئەویش (دروستکردنی پەڕەیەکی نوێ و نووسینی بابەتێکی نوێ) بوو بەتەنها کلیکێك  .

- (Write Post) ڕوکاری نووسینی بابەت و دەست نیشانکردنی ئەو هاوپۆلەی بۆی دەنێررێت بەڕادەیەکی زۆرباش ئاسانکراو بوو زیرەکیەکی زۆر لە ڕێکخستنی پێکهاتەکانی دا بەکارهێنرابوو .

- (Manage Content) ڕوکاری دەستبەسەراگرتنی بابەتەکان و تاگەکان ئێجگار پێشکەوتوو بنیات نرایەوەو بەکارهێنەر زۆر بە ئاسانی دەستی دەگەشتەوە بە بابەتە نووسراوەکانی پێشوو .

 

دەرچووی سیانزەیەمی جێگیر (3.0) : وۆردپرێس لە ڕێکەوتی (17/6/2010) دا ئەم ڤێرژنەی بەناوی میوزیکژەنی ئەمریکی(Thelonious Monk) بڵاوکردەوە ، پێشتریش سێ دەرچوو لە (2008) داو چوارەمیش لە (2009) دا بە ناوەکانی (v.2.6 Tyner ، v.2.7 Coltrane ، v.2.8 Baker ، v.2.9 Carmen) بڵاوکردەوە وە دەرچووی سێ بە بەراورد بە دەرچوەکانی پێشوو زۆرترین کەس بەژداریان لە داڕشتنیدا کردوە بۆجۆرێك بووە بەکاری کۆمەڵە کەس و پرۆژەکە لە پرۆژەیەکی چەند کەسیەوە گۆڕا بۆ دەیان کەس کە بەژداری ڕاستەوخۆیان کردوە لە بنیات نانیدا ، لەم دەرچوەدا (218) کەس خۆبەخشانە کاریان لە داڕشتنەوەی سکریپتەکەدا کردوە هەر ئەمەش بوو ئەوپەڕی بەهێز و بەپێزی دا بە دەرچوەکە لەوکاتەدا ، ئەم دەرچوەش چەندین گۆڕانکاری و نوێکاری ی تێدا ئەنجام درابوو کەزۆربەی بەخشینی توانا بوو بە بەکارهێنەر تا بە ویستی خۆی سکریپتەکە ڕێک بخات و دەسەڵاتی تەواوی هەبێت بەسەریدا گرنگترینیان گۆڕانکاریەکانیش خۆی دەبینێتەوە لە  :

- هەردوو دەرچووەکەی ۆوردپرێس کەبەناوی (WordPress و WordPress) هەبوون لەو کاتەدا تێکەڵ کرا و کران بەیەک سکریپت و پێکەوە دادەمەزرێنرا .

- ڕوکارێکی نوێ بە ناوی (Twenty Ten) تێیدا جێگیرکرابوو کە ڕوکاری بنەڕەتیە کەی وۆردپرێسەو بە تەواوی لەگەڵ پێکهاتە بنەڕەتیەکانیدا گونجێنرا بوو .

-  دەسەڵاتی (Custom Menu) دا بە بەکارهێنەر بۆ ئەوەی بە ویستی خۆی بتوانێت مینۆ زیاد بکات و بشیان بەستیتەوە بەهەر لاپەڕ و هاوپۆلێکەوە کەمەبەستی بێت .

- توانای دانانی ناو و ووشەی تێپەڕبوون درا بە بەکارهێنەر لە کاتی دامەزراندنی سکریپتەکەدا کە خود ویستانە دایبنێت .

- زیاتر تایبەتمەندی درا بە گۆرانکاریکردن لە ناوەڕۆکی بابەتە نووسراوەکاندا و دەسەڵاتی گۆڕانکاریش لە ڕەنگی باگراوەند درا بە بەکارهێنەر .

 

دەرچووی هەژدەیەمی جێگیر (3.5) : لە ڕێکەوتی (11/12/2012) دا وۆردپرێس ئەم دەرچوەی بڵاوکردەوە بە ناوی میوزیکژەنی ئەمریکی (Elvin Jones) ەوە ، بێگومان پێشتریش سێ دەرچووی لە (2011) و یەک دەرچووی تریش لە (2012)دا بڵاوکردبویەوە بە ناوەکانی (v.3.1 Reinhardt ، v.3.2 Gershwin ، v.3.3 Sonnyr ، v.3.4 Green) ، بەڵام لەم دەرچوەدا گۆڕانکاریەکی بەرچاو کرابوو بە تایبەتی لە بەڕێوەبەرایەتی سکریپتەکەدا و ئاسانکاری کرابوو بۆ بەکارهێنەر هەتا بەکارهێنەری سەرەتاییش بتوانێت مامەڵە لەگەڵ کردارەکانیدا بکات ، نوێکردنەوەی دەستکاریکەر و بەکارهێنانی کۆدەکانی جەی کوێری بە تەواوی سکریپتەکەیان ڕازاندبویەوە ، لەم دەرچووەشدا نوێکاریەکی ئیجگار زۆر کرابوو کە لێرەدا ئاماژە هەندێکیان دەدەم :

- ڕوکاری بنەڕەتی نوێکرایەوە و بە ناوی (Twenty Twelve) لە سکریپتەکەدا جێگیرکرابوو ، وە ڕوکارەکە (Responsive) بوو ئەو توانای بۆزیادکرا کە بتوانرێت ماڵپەڕەکە لە تابلێت و مۆبایلیشەوە بە ئاسانی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت .

- وا لە پێکهاتەکان کرابوون کە لە شاشە لەمسەکانەوە بە ئاسانی بتوانرێت ئیشی تێدا بکرێت .

- زیادکردنی (Media Manager) کە بەهۆیەوە دەتوانرا زیاد لە یەک گەلەری بۆ ناو بابەتەکان یان شوێنێکی تایبەت  زیاد بکرێت .

- (Admin Bar) زیادکرابوو کە وەک تولێکی ئاگادارکردنەوە وابوو بۆ ئەوەی بەڕێوەبەر ئاگاداری چەند کردارێکی گرنگی وەک نوێکاری و کۆمێنتی نوێ ببێت ، یاخود کاتێك دەچوە ژورەوە ئاماژەی بەو ناوە دەدا کە هاتوەتە ژورەوە .

- (Retina Display) کە ئێستا پڵەگینێکی سەربەخۆیە لەم دەرچوەدا زیادکرا بۆ ئەوەی بتوانرێت مامەڵەیەکی باشتر لەگەڵ وینەدا بکرێت و بە قەبارە و کوالیتی خۆیەوە نیشان بدرێتەوە .

 

دەرچووی بیست و سێ ی جێگیر (4.0) : وۆردپرێس لە ڕێکەوتی (4/9/2014) ئەم دەرچووەشی بە ناوی میوزیک ژەنی ئەمریکی (Benny Goodman) بڵاوکردەوە ، پێشتریش سێ دەرچووی لە (2013)داو یەک دەرچوویشی لە (2014) دا بڵاو کردبویەوە بە ناوەکانی (v.3.6 Oscar ، v.3.7 Basie ، v.3.8 Parker ، v.3.9 Smith) ، بەڵام لەم دەرچوەی چواردا کۆمەڵێک تایبەتمەندی گۆرانکاری هەرزۆر باشی تێدا ئەنجام درابوو بەتایبەتی کۆنترۆڵکردنی بابەت و دەستبەسەراگرتنی کە بە باشترین شێوە ڕیزکرابوون وە توڵی دەستکاریکردنی بابەت لەکاتێکدا چالاک بوایە بەهۆی سکرۆڵینیشەوە هەر بە هەڵواسراوی دەمایەوە ئەمەش ئامرازێکی یاردەدەری هەر زۆر باش بوو بۆ بەڕێوەبەر ، لە نوێکاریەکانیش بریتی بوون لە :

 

- پێشبینینەوەی وێنە زیادکرا بۆ وێنەکان و پاڵپشتیش بۆ وێنە لەجۆری پاشگری (bmp) زیادکرا ، هەر لەگەڵ ئەوەشدا پاشگری (mp4) کە بۆ ڤیدیۆ بەکاردێت ڕێگا بە بەرزکردنەوەی درا .

-  لە ڕوی زمانەوە گۆرانکاریەکی گەورە هاتە کایەوە کە دەکرا بەو زمانەی دەتەوێت سکریپتەکە دابمەزرێنیت و دواتریش کۆنترۆڵێکی بۆدانرا لە داشبۆردەوە .

- دەستبەسەراگرتنی کۆمێنت وردتر کرا بەوەی سەرباری ئەوەی کە دەسڕایەوە دەکرا هەر کۆمێنتێک کە جێگای گومان بوو بنێرێت بۆ شوێنیك کە بەسپام لەقەڵەمی دەدرا و دووبارەش نەدەبویەوە .

- زیادکراوەکان (Plugins) بەتەواوی گەشەیان بەخۆوە بینی و چەندین زیادکراوی نوێ بەردەست خران ، نیشاندانی پڵەگینەکان لە شێوەی لیستێکدا و بینینیان یەکێکی ترە لە نوێکاریەکان کە لەدەرچوەکانی پێشوودا نەبوو .

- زیادکردنی (Popup) کە زانیاری دەدا سەبارەت بەو پڵەگینەی کە ماوسەکەی دەخرایە سەر ، وەک وابێت کورتەیەکت لەسەر ئەو پڵەگینە پێبدات لە ڕوی کارەکەیەوە .

- شێوە پیشاندانی تۆرئاسا (Media Grid) بۆ بەرهەمە میدیاییەکان (وێنە و ڤیدیۆ) زیادکراو بوو بە باری ئاسایی لە نیشاندان کە بۆ بەکارهێنەر یاردیدەدەرێکی زۆر باش بوو ، بەتایبەتی لە کاتی بەکارهێنانی (Bulk Select) بۆ دەست نیشانکردنی زیاد لە بەرهەمەێکی میدیایی بۆ سڕینەوەی .

- زیادکردنی پێکهاتەی (Color Picker) کە بە ویستی بەکارهێنەر کۆدی ڕەنگێکی دیاریکراوی لێوەردەگیرێت و بەکاردەهێنرێتەوە لە کرداری دیزاین و گۆڕینی ڕەنگی شوێنێکی دیاریکراودا .

 

دەرچووی کۆتایی نوێکراوە (4.5) : ۆوردپرێس لە ڕێکەوتی (12/4/2014) دا دەرچوێکی نوێ ی بەناوی (Coleman) بڵاوکردەوە ، دەرچوەکانی پێشویش کە سیانیان لە (2015) دا و دانەیەکی کۆتایییش لە (2016) دا بڵاوی کردوەو بە ناوەکانی (v.4.1 Dinah ، v.4.2 Powell ، v.4.3 Billie ، v.4.4 Clifford) بوون بەڵام لەم دەرچوودا کە زۆر تایبەت بوو وۆردپرێس پاڵپشتی (44) زمانی زیندوی جیهانی کرد و (298) کەسیش لە داڕشتنیدا بەژدار بوون وە لە نوێکاریە هەر گرنگەکانیشی بریتی بوو کە :

- (Responsive) بەتەواوی پاڵپشتی و پشتیوانی بۆ شێوە نیشاندانی (مۆبایل و تابلیت و دیسکتۆپ) بەردەستخراو لەهەر یەک لەو دیڤایسانەوە بێ ئەوەی هیچ لە تایبەتمەندیەکەی کەم بکات کۆنترۆڵ دەکرێت و ناوەڕۆکەکەی دەبینرێت .

- کوالیتی وێنە نیشاندراوەکان خۆکاری بۆ نیوە دادەبەزێنرێت لە یەکەم نیشانداندا و پاش چوونە ناو بابەتەکەوە وێنەکە بە شێوە ئۆرجیناڵەکەی دەبینرێت ئەمەش وادەکات خێرایی کردنەوەی ماڵپەڕ چەندین بەرانبەر زیاد بکات .

- ڕوکاری بنەڕەت بەناوی (Twenty Sixteen) لە سکریپتەکەدا جێگیرکرابوو وە پێکهاتەیەکی تایبەت بە بەرزکردنەوەی لۆگۆ جێگیرکرابوو لە ڕوکارەکەدا کە دەبوە لۆگۆی سەرەکی ماڵپەڕەکە .

- (Visual Editor) دەستکاریکەری سەرەکی زۆر بەتواناتر کرابوو ، هەر لەناو ئەم دەستکاریکەرەدا دەتوانرێت (inline link) کە قەد بڕێکە بۆ پێکهاتەکان بەگەربخرێت تەنها بەنووسینی کۆدەکەی ڕاستەوخۆ چالاک دەبێت .

- بۆکس و خانەکانی کۆمێنت نووسین توانایان گۆڕانکاری بەسەرداهات و بۆ چەندین بەرانبەر بەرزکرانەوە بۆ نموونە لە ڕوبەری کۆمپێنت نووسیندا دەتوانرێت (65525) کارەکتەر بنوسرێت لە تەنها کۆمێنتێکدا .

- نوێکردنەوەی پەڕەی خۆکاری دەستکاریکراوە و بە ویستی بەکارهێنەر ئەم تەکنیکە بە گۆڕانکاری لە (framework) ڕێکدەخرێتەوە کە چیتر لاپەڕەکان هەموو پێکهاتەکان دووبارە نوێ نەکاتەوە لە هەر نوێکردنەوەیەکدا و بەم کارەش خێرایی دەگەڕێتەوە بۆ ماڵپەڕەکە .


(WordPress MU) چی بوو ؟ ئێستا چی بەسەرهاتووە ؟ چ تایبەتمەندیەکی هەبوو ؟

دامەزرێنەرانی وۆردپرێس لە ڕێکەوتی (4/10/2004) هەوڵێکیان دا بۆ ئەوەی پرۆژە سەرچاوە ئازادەکە بەرەو پرۆژەیەکی بازرگانی بەرن بێ ئەوەی هیچ کێشەیەک بۆ بەکارهێنەران دروست بکات هەربۆیە توانیان دەرچوێکی جیاواز بە ناوی (WordPressµ) بەرهەم بهێنن کە تایبەتمەندیەکەی بە تەواوی جیاواز بوو لە دەرچووە بنەڕەتیەکە هاوشێوەی تۆڕێکی کۆمەڵایەتی بوو لە هەندێك ڕوەوە کە چەندین بەکارهێنەری پێکەوە دەبەستەوە بە ئاستی دەسەڵاتی جیاواز ئێستاش ئەم پرۆژەیە وەک بەشیکی گرنگ لە (WordPress Foundation) بە ناوی (WordPress.com) چالاکە و خاوەنی توانایەکی لە رادەبەدەر سەرباری ئەوەی کە زۆربەی بەکارهێنەرانی ۆوردپرێس لەم ماڵپەڕەوە سوودمەند بوون ، بەو پێیەی بۆ مەبەستێکی تایبەت بەکارهێنرا کە وەک پردێك یان تۆڕێکی پێکەوە گرێدان بوو ئەوا ئەم تایبەتمەندیانەی هەبوو :

- فرە یوزەر بوو (Multi Users) : دەسەڵاتی کارکردن لەسکریپتەکەدا دابەش کرابوو بەسەر پێنج ئاستی جیاواز لە دەسەڵاتتدا وەک (Administrator, Editor, Author, Contributor, Subscriber) و تەنها بەڕێوەبەر دەسەڵاتی گۆڕینی ڕوکار و پڵەگین و چالاککردنی هەبوو ، وە بە هیچ جۆرێک نەدەکرا ڕوکار و پڵەگین بەرز بکرێتەوە بەڵکو تەنها دەتوانیت چالاکیان بکەیت و پێشتر دەستەبەرکرابوو ، ئەوانی تر بە پێ ی ئەو دەسەڵاتەی کە بەڕێوەبەرەکە دەست نیشانی دەکرد توانا و دەسەڵاتیان هەبوو ، بەکارهێنەر کاتێك بەژداری دەکرد ئەوا دەیتوانی ناونیشان و هۆستێکی سنوردار بگرێت و بەهەزاران بەکارهێنەر لەخۆی کۆبکاتەوەو ببنە ئەندام تێیدا و خزمەتگوزاری پێدانی هۆستی بێ بەرانبەریشی بۆ دابین دەکردن کە هۆستە سەرەکیەکە بە پێ ی پلانێکی دیاری کراو دەستەبەری کردبوو .

 

جیاوازی چیە لە نێوان (WordPress.com) و (WordPress.org) دا ؟

لە نێوان ئەم دوو تەکنیکەی بەکارهێنانی وۆردپرێس جیاوازیەکی ئێجگار زۆر هەیە و هەر یەکەشیان خاوەنی لایەنی چاکە و خراپەی خۆیانن و ناکرێت لێرەدا خاڵ بەخاڵ ئەو جیاوازیانە بخەیەن ڕوو بەڵام بۆ تێگەشتن لە کاری هەر یەکێک لەم دوو تەکنیکە هەوڵ دەدەم چەند جیاوازیەک بنووسم کە دەبێتە هۆی ئەوەی جیاوازی کاری هەردووکیان بۆ خوێنەر ڕون ببێتەوە بەم جۆرە :

لە (وۆردپرێس دۆت ئۆرگ) دا : خزمەتگوزاری سکریپتێکی خۆڕایی پێشکەش دەکات کە خۆی لە فایلێکی زیپ کراودا دەبینێتەوە و سکریپتێکی تێدایە بە پی ئێچ پی داڕێژراوە دەکرێت لە لۆکاڵ هۆست یاخود هۆستێکی ئۆنلاین دابمەزرێنرێت و بە تەواوی ئازادیت هەیە لە بەکارهێنانی و ڕێکخستنیدا واتا مەرجە خاوەنی هۆست و دۆمینی خۆت بیت .

 

وە لە (وۆردپرێس دۆت کۆم) دا : پێویست ناکات هۆست و دۆمەین بكڕیت بەڵکو ۆوردپرێس خۆی بەچوار پلانی جیاواز بۆی ئامادەکردویت و هەر یەکێك لەو پلانانەش خاوەنی تایبەتمەندی خۆیانن و یەکەم جۆریان بێ بەرانبەرە کە پلانێکی سەرەتاییە و زیاتر بۆ ئاشنابوونە بە تەکنیکی کارەکە بەڵام ئەوانی تر بەپێ ی پلانەکەی نرخەکەشی دەگۆڕێت هۆست و دۆمەین دابین دەکات بۆ بەکارهێنەرانی بەڵام بەپێ ی جۆر و پلانی جیاواز کە تێیدا دەسەڵاتی بەکارهێنان سنوردار کراوە .

 

لە (وۆردپرێس دۆت ئۆرگ) دا : دامەزراندن و ڕێکخستنی بەپێ ی ویستی بەکارهێنەر کاتێکی زۆری دەوێت هەڵبژرادنەکانی نیشاندانیش تێیدا سنوردار کراوە بەپێ ی ئەو ڕوکارەی بەکاردەهێنرێت ئەمە سەرباری ئەوەی کە دەبێت بەکارهێنەر یەک یەک هەموو پڵەگینەکان زیاد بکات .

 

وە لە (وۆردپرێس دۆت کۆم) دا : تەنها بە چەند هەنگاوێکی ئاسان دەتوانیت کاری ڕێکخستن بە ئەنجام بگەیەنرێت و بە گشتی هەموو تایبەتمەندیەکان بەردەستی بەکارهێنەر خراون دەتوانێت چالاکیان بکات یاخود لە کاریان بخات و خاوەنی شیوەیەکی جێگیرە و زۆربەی تایبەتمەندیەکانیش بەپێ ی پێویستیە بنەڕەتیەکانی هەموو ماڵپەڕێکن کە دەبێت هەبێت .

 

لە (وۆردپرێس دۆت ئۆرگ) دا : دەسەڵاتی تەواوت هەیە بەسەر گەشتن بە فایلی بنەڕەتی داتابەیس و ڕوکار و پڵەگینەکانیشدا بەجۆرێک وەک وابێت خۆت لە سەرەتاوە بنیاتی بنێیت و بەپێ ی ویستی خۆت ڕێکی دەخەیت و دەتوانیت بە ئارەزوی خۆت گۆڕانکاری لە کۆدەکانی سەرچاوەکەشیدا بکەیت .

 

وە لە (وۆردپرێس دۆت کۆم) دا : لێرەدا بەپێ ی پلانەکان دەسەڵاتەکان دەگۆڕیت بەڵام بەگشتی لە پلانی یەکەمدا توانای گۆڕینی ڕوکار و دەسەڵاتەکانی گەشتن بە داتابەیس و ڕوکار و پڵەگینەکان تێیدا سنوردار کراوە و هەموو گۆڕانکاریەک لە کۆدەکانی سەرچاوەکەیدا ڕێگاپێدراو نیە ، بەڵام لە پلانەکانی تردا بەپێ ی پلانەکە کارەکان بۆ بەکاربەر چالاک دەبێت .

 

پێنج هۆکاری زۆر باشی سکریپتەکە کە وای دەکات ببیتە بەکارهێنەری :

یەکەم (بەکارهێنانی بێ بەرانبەرە) : لەبەر ئەوەی کە داڕشتنی ماڵپەڕ کارێکی ئاسان نیەو کاری کەسانێکە تایبەتمەندە و بە بێ بەرانبەر ناکرێت کەوایە بوونی سکریپتێکی وەک ۆوردپرێس بە هەموو تایبەتمەندیەکانەوە بەهێزترین خاڵە بۆی کە ببێتە جێگای سەرنج و بەکارهێنان .

دووەم (ئاسانە لە بەکارهێناندا) : ئەگەرچی بەڕێوەبردنی ماڵپەڕ کارێکی ئاسان نیە بەڵام بە دامەزراندنی ۆوردپرێس و تەنها کەمێك شارەزایی لە بەرنامەیەکی هاوشێوە (مایکرۆسۆفت)دا دەتوانیت بابەت بنوسیت و بڵاو بکەیتەوە لە مەڵپەڕەکەدا ، ئەمەش دووەم تایبەتمەندیە کەلە هیچ سکریپتێکی هاوشێوەیدا بەم ئاسانیە نایەتە بەردەست .

سێیەم (دەستبەسەرداگرتنی ئاسانە) : سکریپتەکە بە شێوەیەکی سادە بنیات نراوە بە هیچ جۆرێك نابێتە هۆی ئەوەی بەکارهێنەر توشی گرفتی هەڵەباوەکانی ماڵپەڕ ببێت و دەشتوانێت بە تەواوی واتا کۆنترۆڵی هەموو ماڵپەڕەکە بکات و بە تەواوی توانای چنینی ڕوکارەکە لەبەردەستی خاوەن ماڵپەڕدایە و هیچ کۆت و بەندێک نیە بۆ دابەشکردنی پێکهاتەکان لە ڕووکاری ماڵپەڕەکەدا .

چوارەم (هاوڕێ ی بزوێنەرەکانی گەڕانە) : بەهۆی ئاسانی لە ڕێکخستنەکانی ناوەڕۆک و سەردێڕی بابەتەکان لە ۆوردپرێسدا بزوێنەرەکانی گەڕان بە ئاسانی توانای (ئیندێکس) کردنی ناوەڕۆکی ماڵپەڕەکەی هەیە و بەشێوەیەکی خۆکاری ڕۆژانە هەڵدەسێت بۆ خۆنوێکردنەوەی ، ئەم کارەش لە باشترین تایبەتمەندیەکانە کەلە هەر مەڵپەڕێکدا هەبێت .

پێنجەم (تۆڕێکی پاڵپشتی بەهێزی هەیە) : تیمێکی گەورەو چالاک هەمیشە لە هەوڵی بەرەو پێشبردنیدان و زۆر بە خێرایی کارەکانی نوێکردنەوەو دەست نیشانکردنی هەڵەکان بەئەنجام دەگات ، سەرباری بوونی تۆڕێکی گەورەی هاوکاری کە ژمارەیەکی بێشومارە لە وانەی فێرکاری کە هاوکاری تەواو هەر کەسێکی ئاساییە کە مەڵپەڕەکەی بە سکریپتی ۆوردپرێس بنیات بنێت .

 

سەرچاوەکان :

http://cafelog.com/

https://codex.wordpress.org/History

https://codex.wordpress.org/Changelog

https://en.wikipedia.org/wiki/WordPress

https://codex.wordpress.org/WordPress_MU

https://en.wikipedia.org/wiki/Matt_Mullenweg

http://winningwp.com/a-brief-history-of-wordpress/

بۆچوونه‌كان (0)add
بۆچوونێك زیاد بكه‌
quote
bold
italicize
underline
strike
url
image
quote
quote
smile
wink
laugh
grin
angry
sad
shocked
cool
tongue
kiss
cry
بچوككردنه‌وه‌ی | گه‌وره‌كردنی ڕوبه‌ری نووسین

busy
 

Internet Explorer 6 (IE6). ئاگادارکردنەوە بۆ بەکارهێنەری

تکایە ئاگاداربە ئەم ڕوکارە بە تەواوی پاڵپشتی پراوسەرەکەت ناکات هەوڵ بدە بە پراوسەرێکی تر کار بکەیت یاخود ڤێرژنی پراوسەرەکە بەرز بکەوە بۆ بەرزتر لە ڤێرژنی نۆ

تەنها چارەسەر نوێکردنەوەی پراوسەرەکەتە ئەم پراوسەرە لەوانەی بەشێك لە ماڵپەڕەکەت پیشان بدات یاخود هەندێك لە ناوەڕۆکەکەی ببینیت بەڵام ئەمە تەواوی تایبەتمەندێتی ڕوکارەکە نیە

پێم باشە سەردانی ئەم لینکە بکەیت بەمەبەستی نوێکردنەوەی پراوسەرەکەت Internet Explorer.