لێره‌دایت : په‌ڕه‌ی سه‌ره‌تا » ناساندنی بەرنامەکان » بەرنامەی (Multisim) نایابترین بەرنامەی بواری ئەلیکترۆنیك ‏
بەرنامەی (Multisim) نایابترین بەرنامەی بواری ئەلیکترۆنیك ‏
نووسه‌ری بابه‌ت: هۆشمه‌ند صاڵح   
ڕۆژی شەممە ، 20 / 08 / 2016 15:10
 

بەرنامەی ماڵتیزم کە ئێستا لە ژێر ناوی (‏Circuit Design Suite‏) بڵاودەکرێتەوە ناودارترین و بەتواناترین بەنرخترین بەرنامەیە تا ئێستا بەرهەم هێنرابێت بۆ ‏دیزاین و پێکەوە بەستنی یەکە ئەلیکترۆنیەکان و بەستنەوەیان بە سەرچاوەی وزەی گۆڕاو و نەگۆڕ و ‏مامەڵەکردن لەگەڵ بۆردی ئەلیکترۆنی و بازنە کارەباییە سادە و ئاڵۆزەکاندا ، ئەم بەرنامەیە لە تەواوی ‏زانکۆکانی جیهاندا بایەخێکی ئێجگار زۆری پێدراوەو وەك وانەیەکی سەرەکی لە بەشەکانی زانستی ‏کۆمپیوتەر و ئەلیکترۆنیك و کارەبادا دەخوێنرێت و بە درێژایی ساڵەکانی خوێندن پرۆژەی جۆراو جۆری ‏پێ بنیات دەنێن .‏

ئەم بەرنامەیە هەڵبژاردەی داهێنەران و ئەندازیارانی بواری ئەلیکترۆنیکە چونکە لەم بەرنامەوە ‏دەتوانێت لە هیچەوە گەورەترین پرۆژە بەرهەم بهێنێت و دڵنیاش ببیتەوە لە ئەنجامی کاری یەکە ‏ئەلیکترۆنیەکانش کە لە پێکهاتەی پرۆژەکەیدا بەکارت هێناوە ، ئەم بەرنامەیە هاوکارێکی ئێجگار باشە ‏بۆ داهێنەران کە بیروبۆچونەکانیان لەسەر بۆردە ئەلیکترۆنەکانەوە بگوازنەوە بۆ ئەم بەرنامەیە و ‏بیرۆکەی (وای دابنێ) بەسەر پرۆژەدا جێ بەجێ بکەن .‏

بەشێوەویەکی گشتی ئەو بەرنامانەی کە مامەڵە لەگەڵ یەکە ئەلیکیترۆنیەکاندا دەکەن زۆر دەگمەنن و ‏تا ئێستا ڕێژەی ئەو بەرنامانەی کە بۆ بواری ئەلیکترۆنی و لۆجیکی بەرهەم دەهێنرێت ئێجگار کەمە و ‏بە دەگمەن بەرنامەیەک هاوشێوەی ماڵتیزم دەدۆزرێتەوە لەم بوارەدا کە هێندە چالاک بێت و بە ‏ئاسانی کاری لەسەر بکرێت . ‏

بەرنامەی (‏Circuit Design Suite‏) خۆی لە دوو بەشی سەرەکی پێك دێت و کاتێك دەرچوێكی ‏پرۆفیشناڵ دادەمەزرێنرێت لەسەر ویندۆز ئەوا هەردوو بەشەکە بە دوو پێکهاتەی جیاواز دەردەکەوێت ‏و کاری هەر یەکەیان جیاوازە بەم جۆرە : ‏

1- پێکهاتە بەرنامەی (‏Multisim‏ NI) کە بەشە بنەڕەتیەکەیە خاوەنی توانایەکی لە ڕادە بەدەرە و تەواوی ‏پێكهاتە ئەلیکترۆنیەکانی بە هەموو تایبەت مەندیەکانەوە تێدا دانراوە سەرباری بوونی هەموو ‏جۆرەکانی سەرچاوەی ووزەی وەک (‏AC‏) و (‏DC‏) و (‏Three phase‏) و بە ڤۆڵتیەی جیاواز و تەزووی ‏جیاواز کە بەتەواوی لە لایەن بەکارهێنەرەوە دەتوانرێت کۆنترۆڵ بکرێت و پاش تێپەڕ بوونی بە ئەو ‏دیزاینەدا کە بە پێكهاتە ئەلیکترۆنیەکان دروستی دەکەیت بە چەندین ڕێگای جیاواز دەتوانیت ‏ئەنجامەکە ببینیت چونکە چەندین پێکهاتەی تایبەت بە نیشاندانی وەیڤی ئەنجام دەستەبەر کراوە , ‏سەرەڕای بوونی چەندین پرۆژەی ئامادەکراو کە ڕێنیشاندەرێکی ئێجگار باشە بۆ چۆنیەتی دیزاین کردن ‏و بنیاتنانی بازنەی ئەلیکترۆنی و کارەبایی و لۆجیکی . ‏

2- پێکهاتە بەرنامەی (‏Ultiboard‏ NI) کە خۆی دەبینێتەوە لە دروست کردن و بنیات نانی بۆردە ‏ئەلیکترۆنیەکاندا ئەم بەشە لە بەرنامەکە تەواوکەری بەشی یەکەمە و هەموو دیزاینێکی ئەلیکترۆنی ‏دوای تاقیکردنەوەو گەشتنە ئەنجامی تەواو ئەوا دەبێت لەم ڕێگاوە بۆردێکی ڕێک و پێکی بۆ دروست ‏بکەیت ، دروستکردنی بۆردەکەش بە تەواوی لە دەستی بەکارهێنەردایە و شوێنی دانانی پێکهاتە ‏ئەلیکترۆنیەکان دەتوانرێت بەو پەڕی ئاسانیەوە دەست نیشان بکەیت ، بێگومان دەبێت لە ‏دیزاینکردنی ئەم بۆردەدا ئەو پەڕی سەلیقە بەکاربهێنرێت هەتا لە ئایندەدا بە تێپەڕبوونی ووزە بە ‏ناویدا هیچ کێشەیەکی بۆ دروست نەبێت ئەمە سەرەڕای دانانی یەکە ئەلیکترۆنیەکان لە شوێنی ‏گونجاودا هەتا لە کاتی لەکارکەوتن و سوتانیاندا بتوانرێت بە ئاسانی بگۆڕڕێت ، ئەم بەشە لە ‏بەرنامەکە چەندین شێوەی هەیە بۆ پیشاندانی بۆردەکە کە نایابترینیان بینینی بۆردەکەیە بە سری دی ‏کە کارئاسانیەکی زۆر باشە بۆ چاوی بەکارهێنەر هەتا بۆردەکە لە هەموو گۆشەکانەوە ببینێت و بزانێت ‏چۆن پێكهاتەکان لەسەری جێگیر دەکرێت .‏

 

مێژووی بەرنامەکە و دەرچووە سەرەتاییەکانی :‏


سەرەتای کاری پرۆگرام سازی ئەلیکیترۆنی دەگەڕێتەوە بۆ کۆمەڵەیەک بەناوی (‏The National ‎Instruments Electronics Workbench Group‏) کە گروپێکی ڕاسپێراو بوون بۆ بنیات نانی ‏بەرنامەی ئەلیکترۆنی و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ یەکە ئەلیکترۆنیەکان لە ڕێگای سۆفتوێرێکەوە ، ‏بارەگای سەرەکی ئەم کۆمەڵەیە دەکەوێتە وڵاتی کەنەداوەو هەر لە درێژەی کارەکانیشیاندا توانیان ‏هەردوو بەرنامەی (‏MultiSIM‏) و تەواوکەرەکەی کەناوی نرابوو (‏ULTIboard‏ ) گەشەپێبدەن .‏

لە ساڵی 1995 دا حکومەتی کەنەدا کۆمپانیایەکیان بەناوی (‏Interactive Image Technologies‏) ‏ڕاسپارد بۆ بنیات نانی بەرنامەیەک لە پێناو کارئاسانی کردن بۆ خوێندکارانیان کە لە بواری ئەندازیاریدا ‏دەیان خوێند ، هەربۆیە ئەم کۆمپانیایە توانی بەرنامەی (‏Electronics Workbench‏) بۆ یەکەم جار ‏بەرهەم بهێنن کە تا ئێستاش بەرنامەیەکی ئێجگار ناوازەی بواری کاری ئەلیکترۆنی و پێکهاتە لۆجیکیەکانە .‏

پاش سێ ساڵ لە برەو پێدانی بەرنامەکە کۆمپانیای ناوبراو لەگەڵ کۆمپانیایەکی هۆڵەندی بەناوی ‏‏(‏Ultimate Technology‏) لەساڵی 1998 دا کەلە هەمان بواردا ئیشی دەکرد هەماهەنگی کرد و ‏بەرنامەی ئەلیکترۆنیک وۆرک بانجەکەیان بە هەموو ئەوروپادا بڵاوکردوە و لە کۆتاییدا لە ساڵی 1999 ‏دا هەردوو کۆمپانیاکە یەکیان گرت و زیاتر ناسران لە جیهاندا هەردوو ڤێرژنی بەرنامەی (‏MultiSIM‏) ‏و (‏Ultiboard‏) ی کرد بە یەک , بێگومان هاوشانی بەرنامەی (‏Electronics Workbench‏) ‏برەویان پێدەدا ، لە ساڵی 2005 دا پاش ئەوەی کۆمپانیای (‏National Instruments‏) خاوەندارێتی ‏بەرنامەکانی گرتە دەست تەنها ناوی بەرنامەکە (‏IN‏) بۆ هەر یەکێك لە دوو پێکهاتە سەرەکیەکەی بەرنامەی زیاد کرد و لە ئێستاشدا بەهەمان ناوەوە بڵاو ‏دەکرێتەوە و لە ئێستاشدا پرۆژەکەیان هەر بۆ بنیات نانی ئەم دوو بەرنامەکەیە لە یەک پاکێچدا یەکەمیان پێکهاتەی (‏NI Ultiboard‏)ە ‏بۆ نەخشەی بۆردی ئەلیکترۆنیەکان و دووەم پێکهاتەی(‏NI Multisim‏) بۆ جێبەجێکردنی بیرۆکەیە بە یەکە ئەلیکترۆنیەکان .

بەرنامەی (‏Electronics Workbench‏) کە بنچینەی دروست بوونی ئەم بەرنامەی ئێستایە لە دوای خاوەندارێتی کردنی لە لایەن کۆمپانیای (‏National ‎Instruments‏) کە دامەزراوەیەکی گەورەیە و بارەگاکەی دەکەوێتە تەکساسەوە لە ئەمریکا لە ساڵی ‏‏1970 وە بنیات نراوەو لە ئێستاشدا بە گەورەترین کۆمپانیای بەرهەم هێنانی سۆفتوێرە ئەلیکترۆنیەکان ‏دادەنرێت تا ئێستاش هەر لە سەر ڤێرژنی (5) ماوەتەوە بە گۆڕانکاریەوە ئەم گۆڕانکاریانەش لە پێناو ‏گونجاندنیەتی لەگەڵ سیستەمە نوێیەکاندا و بە بێ بەرانبەر دابەش دەکرێت و بڵاو دەکرێتەوە ، ئەم ‏بەرنامەیە بە بەراورد بە (Circuit Design Suite‏)زۆر سادەیە بەڵام سەرەتاکانی ئەلیکترۆکی تێدا رەچاو کراوەو دامەزراوە ‏زانستیەکان پشت بەم دەرچوە دەبەستن بۆ فێربوون . ‏

 

دەرچووە نوێیەکانی بەرنامەکە : ‏


کۆمپانیای (‏National Instruments‏) پاش ئەوەی دوا دەرچووی لە بەرنامەی (‏Electronics ‎Workbench‏) خستبە بەردەست بەکارهێنەرانی بە شێوەیەکی سەربەستانە کەوتە برەو پێدانی بەرنامە ‏بنەڕەتیەکە کە هەردوو پێکهاتەکەی لەخۆدەگرت بە نرخێکی جیاواز لە پێشوو بە شێوەیەک تەواو بووە بەرنامەیەکی ‏پرۆفیشناڵ ، سەرەتا ڤێرژنی پێنجی بڵاو کردەوە لەژێر ناوی (Multisim 5.0‏) بە چوار تایبەتمەندیەوە کە سەرەتایەکی زۆر باش بوو ‏بۆ ناساندنی بەرنامەکە ، وە لە کۆتایی نەوەدەکاندا دەرچووەکانی ژمارە (6 و 7 و 8) بڵاو کردەوە کە تەنها سێ ‏تایبەتمەندی نوێیان بۆزیاد کرابوو بە بەراورد بە ڤێرژەنکەی پێشووی دواتریش لە دەرچووی نۆدا تەنها ‏پرسیار و شیکاری پرۆژە دانرابوو سەرباری بەهێزکرد و باشترکردنی شێوەی کارەکەی لە دەرچووی ژمارە (‏Multisim 10.0‎‏) دا تەنها پیشاندانی شێوە سری دی بۆردەکە کێشراوەکان زیاد کرا لەگەڵ ئەوەشدا سەر هەردوو بنچینەی (32) بت و (64) بت  بڵاوکرایەوە ،  لە ئێستاشدا دەرچووێک بە ناوی (‏Multisim 13.0‎‏) وەیە ، ‏ئێستاش کە ئەم بابەتە دەنووسم ئاگاداری بەکارهێنەرانی دەکاتەوە کە دوا ‏دەرچوویی بەناوی (‏NI Multisim 14.0‎‏) ئامادەیە بۆ داگرتن بە دیزاینێکی نوێ و شەش تایبەتمەندی ‏نوێشەوە سەرباری زیادکردنی تواناکەشی ، شیاوی باسە بەرنامەکانی ئەم کۆمپانیایە تەنها لەسەر ‏سیستەمی ویندۆز بەگەڕ دەخرێت و بەم دواییانە بۆ سەر جۆرێکیش لە تابلێتی زیاد کرد و پشتیوانی (Tech) ‏بۆ بەکارهێنانی بەرنامەکە دەستەبەر کرد ، ناوی بەرنامەکە لەدوای دەرچووی ژمارە (دە)وە گۆڕاوە بۆ (Circuit Design Suite‏) و فۆڵدەری دامەزراندکەی بەم ناوەوەیە بەڵام هەردوو پێکهاتەکەی بەرنامەکەی بەسەربەخۆ تێدایە وەک وابێت دوو بەرنامەبێت لەیەک بەرنامەدا . ‏

 

تایبەتمەندیەکانی بەرنامەی ماڵتیزم :‏


1- بەردەست خستنی زیاتر لە 26 هەزار پێكهاتەی ئەلیکترۆنی کە دانپێدانراوی جیهانیە و پێکهاتە ‏نیمچەگەیەنەرەکانن لە بەرنامەکەدا وەك هەموو جۆرەکانی بەرگری و کاپاسیتەر و ترانزستۆر و ثایرستۆر ‏‏... هتد کە ئەمەش هەموو پێكهاتە ستانداردەکانی جیهانە و هەموو دامەزراوەیەکی ئەلیکترۆنی زانستی ‏لەم پێکهاتانە زیاتریان لەبەردەستدا نیە ، تەنانەت هەندێك توانا کە دەدرێت بە پێکهاتەکان هێشتا ‏بەرهەم نەهێنراون دەتوانرێت لێرەدا دەست نیشان بکرێت هەتا بۆ پرۆژەکانی ئایندە بنیات بنرێت . ‏

2- بنیات نان و دیزاین کردنی بازنەی کارەبایی و ئەلیکترۆنی بە هەردوو سیستەمی ئەنەلۆگ و دیجتاڵی ‏لەیەك کاتتدا و تێکەڵکردنیان لە یەک بۆردی ئەلیکترۆنیدا و بەکارهێنانی چەندین سەرچاوەی ووزە بۆ ‏بۆردەکە ئەلیکترۆنیەکە ، سەرباری باشترکردنی بازنە کارەباییەکان یان ئەلیکترۆنیەکان لە ڕاپەڕاندنی ‏کاردا کە بەرنامەکە باشترین کارئاسانی دەکات بۆ بەکارهێنەر هەتا بتوانێت باشترین شێوە لە دیزاین ‏بنیات بنێت و لە ئەوپەڕی توانادا لە کاردابێت دژی گۆڕانی پلەی گەرمی و هۆکارەکانی تر . ‏

3- بەگەڕخستنی چەند بازنەیەکی کارەبایی و ئەلیکترۆنی لەیەك کاتتدا و پیشاندانی ئەنجامەکەش هەر ‏لە هەمان ساتی کارکردنەکەدا یەکێکە لە کارە هەرە نایابەکانی ئەم بەرنامەیە وە توانای کەم کردنەوەی ‏بڕی وزەی بەکارهێنراو لە بەگەڕخستنی بازنە ئەلیکترۆنیەکاندا بەهۆی بەراوردکاریەکەیەوە . ‏

4- بەهۆی بوونی ئەو ڕوکارە وێنەییە و دانانی هێمای ستاندارد و ناوخۆیی بۆ پێكهاتە ئەلیکترۆنیەکان ‏بەکاهێنەر زۆر بە ئاسانی دەستی ڕادێت بە کارەکان تێیدا ، سەرباری دیزاین کردنی کە ڕوبەرێکی هێڵ ‏هێڵ کراوە و بەتەواوی پێكهاتەکانی تێدا جێگا دەکاتەوە و شوێن و ئاستیان بە هۆی توڵەکانی ‏بەرنامەکەوە جێگیر دەکرێت  و دەشکرێت بەرهەمی بەرنامەکە کە جۆرێکە لە فایل خەزن بکرێت و ‏هەر کاتێك بتەوێت گۆڕانکاری تێدا بکەیت ئەوا بەهۆی هەمان بەرنامەوە کارەکە دەگاتە ئەنجام . ‏

5- دانانی ئەو ئامێرە ئەلیکترۆنیانەی وەك (ئۆسلسکۆب و مۆلتمیتەر و ڤۆڵتمیتەر و پاوەرسپلای و ‏فاکشن جێنەرەیتۆر ....هتد) بەسەربەخۆ لەبەرنامەکەدا کە تەواوی تایبەتمەندیەکانی ئامێرە ‏ئۆرجیناڵەکەی هەیە بەتەواوی بەکارهێنەر دڵنیا دەکاتەوە لە شێوەی کاری دیزاینە ئەلیکترۆنیەکەی و ‏دەست نیشانی کەم و کوڕیەکانیش بە ئاسانی دەکات . ‏

6- کاتێك بۆردێکی ئەلیکترۆنی بە شێوەیەکی کرداری بنیات دەنێیت ئەوا بەهۆی پەیوەستکردنی ‏بەکۆمپیوتەرەوە لە ڕێگای هاردوێرێکی تایبەتەوە وەك (‏NI ELVIS‏) یان (‏myDAQ‏) و بە یو ئێس بی ‏بە کۆمپیوتەرەوە دەبەسرێنەوەو ئەنجامی کاری بۆردە ئەلیکتۆنیەکە ڕاستەوخۆ لە بەرنامەکەوە ‏دەبینیت و دەشتوانیت لە هەمان شاشەدا بەراوردی بکەیت بە دیزاینەکەی ناو بەرنامەکە لە ڕوی ‏ئەدای کارکردنەوە هەتا هیچ جیاوازیەک نەبێت لە نێوان دیزاینەکەو کارەکەی خۆتتدا .‏

7- ماڵتیزم لە توانایدا هەیە بەهۆی زیادکراوێکەوە فرمانی کۆد کراو کە بە زمانی (‏C‏) و (‏ASM‏) ‏نووسرابێت جێبەجێ بکات بەسەر مایکرۆ پرۆسیسەردا بۆجیبەجێکردنی فرمانێکی لۆجیکی یان ‏هەرشتێك کە کاتی تێدا بەکاربهێنرێت پێویستی بەجێبەجێکردنێك بێت لە کاتێکی دیاریکراودا .‏

بۆچوونه‌كان (0)add
بۆچوونێك زیاد بكه‌
quote
bold
italicize
underline
strike
url
image
quote
quote
smile
wink
laugh
grin
angry
sad
shocked
cool
tongue
kiss
cry
بچوككردنه‌وه‌ی | گه‌وره‌كردنی ڕوبه‌ری نووسین

busy
 

Internet Explorer 6 (IE6). ئاگادارکردنەوە بۆ بەکارهێنەری

تکایە ئاگاداربە ئەم ڕوکارە بە تەواوی پاڵپشتی پراوسەرەکەت ناکات هەوڵ بدە بە پراوسەرێکی تر کار بکەیت یاخود ڤێرژنی پراوسەرەکە بەرز بکەوە بۆ بەرزتر لە ڤێرژنی نۆ

تەنها چارەسەر نوێکردنەوەی پراوسەرەکەتە ئەم پراوسەرە لەوانەی بەشێك لە ماڵپەڕەکەت پیشان بدات یاخود هەندێك لە ناوەڕۆکەکەی ببینیت بەڵام ئەمە تەواوی تایبەتمەندێتی ڕوکارەکە نیە

پێم باشە سەردانی ئەم لینکە بکەیت بەمەبەستی نوێکردنەوەی پراوسەرەکەت Internet Explorer.